دەسبەسەرکردنی پێنج هاووڵاتیی خەڵكی شنۆ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

خۆڕاگری: پێنج هاووڵاتیی خەڵكی شنۆ بەناوەکانی “حەسەن شادیخا، هێرش پەڕنیا، ئیسماعیل سەید‌مەحموودیان، شۆڕشی سەرڕووتی و شوانە ئیبراهیمی”، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ‘خۆڕاگری” ڕۆژی پێنچشەممە، ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (٤ی ١٢ی ٢٠٢٥ی زایینی)، حەسەن شادیخا خەڵكی گوندی سینگان، هێرش پەڕنیا، ئیسماعیل سەید‌مەحموودیان، شۆڕشی سەرڕووتی خەڵكی گوندی نەڵیوان و شوانە ئیبراهیمی خەڵكی گوندی ئاڵکاوێ، پێنج هاووڵاتیی خەڵكی شاری شنۆ و گوندەکانی دەوروبەری لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

ئەو هاووڵاتییانە لەماوەی دوو ڕۆژدا لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانیکردەوەی توندوتیژی دەسبەسەرکراون و تائیستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.