خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی دیکەی کورد بەناوەکانی نورەدین تورککوشکی و عەلی قاسمی، لە خۆپیشاندانەکاندا بە تەقەی چەکدارانی ڕێژیم گیانیان لەدەست دا و تازە ناسنامەکانیان ئاشکرا کراوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “١٢ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی نورەدین تورککوشکی، خەڵکی شاری کوهدەشت، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری تاران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گولـلەی جەنگی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دا.
لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، هەر لە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵانی بە ناوی عەلی قاسمی، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی گەڕەکی سەفیداری شاری ڕوباتکەریمی تاران لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دا و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕێگرییان لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی و هەڵواسینی پۆستەری ناوبراو کردووە.
شایانی باسە کە، باوکی عەلی قاسمی خراوەتە ژێر گوشارێکی توندەوە بۆ ئەوەی بە پێچەوانەوە ڕاستییەکان ڕایبگەیەنێت کە کوڕەکەی “بەسیجی” بووە و لەلایەن “نەیارانەوە” کوژراوە، تەنیا بەو مەرجە ڕێگەی ناشتنی تەرمەکەیان پێ داون و بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەشی بەشێوەی مەرجدار و وەرگرتنی بڕە پارەیەک بووە.

Be the first to comment