ژنە دەسبەسەرکراوێکی خەڵکی سنە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: گەلاوێژ تەهماسبی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە، بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتیی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، گەلاوێژ تەهماسبی، چالاکی بواری وەرزشی و هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری سنە، کە ٢٥ئەم مانگە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دسبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتیی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە ئازاد کرا.

شایانی باسە کە، گەلاوێژ تەهماسبی، ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لە ڕەوتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری سنە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و دواتر پاش ١٥ڕۆژ ڕاگیران ئازاد کرا.