دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵكی سەردەشت لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵكی سەردەشت بەناوی “ئیسماعیل عوسمانی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٨ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئیسماعیل عوسمانی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری سەردەشت لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

چەکدارەکانی ڕێژیم بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی ناوبراویان دەسبەسەرکردووە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەی ٣ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.