خۆڕاگری: کەیوان ڕەشۆزادە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی ورمێ، ماوەی ۱۰ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و هەڕەشە لە بنەماڵەکەی کراوە.
ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ١٠ڕۆژ لەمەوبەر هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری ورمێ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کەیوان ڕەشۆزادە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەریان کردووە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی وێڕای دەسبەسەرکردنی ناوبراو هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەشی کردووە کە بەهیچ شێوەیەک هەواڵی دەسبەسەرکردنی بە میدیایی نەکەن و هەر بەوهۆیەوە دایکی ئەو بەندکراوە سیاسییە تووشی جەڵتە بووە و تەندروستی ناجێگیرە.
شایانی باسە کە کەیوان ڕەشۆزادە، ٢مانگ پێش ئێستا بەشێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کراوە، بەڵام بەبێ هۆکار جارێکی دیکە دەسبەسەرکراوەتەوە و زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لە بەندیخانە لەژێر گوشار و ئەشکەنجە و ئازاری زۆردایە بەوهۆیە پێویستی بە چارەسەری پزیشیکی هەیە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەکە ڕێگری لێدەکەن کە چارەسەری پزیشکی وەربگرێت.