خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی خەڵکی ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان بەناوەکانی عەبدوڵڵا سووری، هیوا عەبدی و محەممەد بایەزیدی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی زانیارییەکانی ژووری هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی “١٨ی دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی” لە ناوچەی ئاڵەشینی سەربە شاری بۆکان، عەبدوڵڵا سووری خەڵكی شیناوا، هیوا عەبدی خەڵكی برایماوا و محەممەد بایەزیدی خەڵكی گوێگجەلی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون.
هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەرەبەیانیی زوو بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو سێ هاووڵاتییە لەو گوندانە و وێڕای دروستکردنی کەشێکی ترسێنەر، بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.
