
خۆڕاگری: تەحسین دادڕەس، کاوە دەستان و چالاک پیرۆزی سێ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان پاش نزیکەی ۱۰ڕۆژ ڕاگیران، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کران.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ۹ی خاکەلێوەی ۱٤۰٤ی هەتاوی، تەحسین دادڕەس، کاوە دەستان و چالاک پیرۆزی، سێ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری مەریوان، پاش ۹ڕۆژ دەسبەسەربوون، هەرکامیان بە دانانی بارمتە ۲۰۰ملیۆن تمەنی، بەشێوەی کاتیی و تاکاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانە ئازاد کراون.
ئەو هاووڵاتییانە ڕۆژی شەممە، ٢ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵ و شوێنی کارەکەیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و هەروەها لەماوەی دەسبەسەربوونیاندا لەمافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوون.