دەسبەسەرکردنی چالاکێکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سامان میرزایی، چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵکی کەڵاتەرزانی سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، سامان میرزایی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی ” سەرهویە”ـی سەربە ناوچەی کەڵاتەرزانی شاری سنە و چالاکوانی بواری ژینگەپارێزی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەبێ بوونی بەڵگەنامەی قەزایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو چالاکوانە و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها تائیستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.