بەردەوامیی شەپۆلی دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردنی هاوڵاتییانی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: لە درێژەی سەرکوتکردنی ڕێژیم بۆ سەر شارەکانی کوردستان، شەپۆلێکی نوێی دەسبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردنی هاوڵاتییان و چالاکوانان تۆمار کراوە.

ڕۆژی شەممە، ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٧ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بەردەوام خەریکی سەرکوت و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کوردە و شەپۆلی نوێی دەسبەسەرکردەکان بەمجۆرەن؛ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاوڵاتییەک بە ناوی حیسامەدین ئیسماعیلی و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

هاوڵاتییەک بە ناوی شاروخ مستەفایی، خەڵكی شاری قوروە و وەرزشوانێک بە ناوی هێمن لاوە، خەڵكی شاری بیجاڕ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.

محەممەد ڕەسووڵ ئەحمەدی، گۆرانیبێژی ناسراوی خەڵكی شاباد، کە لە ١٩ی بەفرانباری ئەمساڵ دەسبەسەر کرابوو، هێشتا هەروا لە بەندیخانەدایە و بەرپرسانی ڕێژیم ڕێژیم رێگری کەوە دەکەن بەشێوەی مەرجدار یان دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد بکرێت و هەروەها دوای نزیکەی مانگێک لە دەسبەسەرکردنی مێهدی باقری، یەکێک لە خۆپیشاندەرانی خەڵكی شاری سونقوڕ، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران و دۆخی تەندروستی بڵاو نەکراوەتەوە و تائێستا چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.

لە شاری مەهابادیش لاوێکی خەڵکی گوندی “قومقەڵا” بەناوی ئومێد عەزیزی ماوەی دوو ڕۆژە لەلایەن ‌هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و ڕفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هێج زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.

لە درێژەی سەرکوت و ئەشکەنجەکانی ڕێژیم، بنەماڵەی سینا کیانی، لاوی تەمەن ٢١ ساڵانی یارسانی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، ڕایانگەیاندووە کە کوڕەکەیان لەژێر گوشاری تونددایە و دانپێدانانی زۆرەملێـیان لە کەناڵە حکوومییەکان بڵاو کراوەتەوە و ئەوەش نیگەرانییەکی زۆری لای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بنەماڵەکەی دروست کردووە و هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە مەیسەم شاکری هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بۆجنوورد، دوای مانگێک دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بۆ بەندیخانەی ئەوە شارە گوازراوەتەوە و لە مافی دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

مەریوان: هاوڵاتییەک بە ناوی ئەمیر ئەمجد، کە پێشتر بە بارمتە ئازاد کرابوو، دوای بانگکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم، دووبارە دەسبەسەر کرایەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*