بێبەریبوونی حەوت دەسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ لە تۆمەتی محاربە

خۆڕاگری: حەوت هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سڵ و نیوێک دەسبەسەربوون، لە تۆمەتی “محاربە” بێبەری کراون.

بەپێی هەواڵی ئەجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە دادگای ئینقلابی ئیسلامیی  ڕێژیمی ئێران لە شاری ورمێ، دادگاییکردنی ٧هاووڵاتیی دسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ کە لە شۆڕشی ژینادا دەسبەسەرکران بەڕێوە چوو و تێیدا بڕیار درا کە لە تۆمەتی محاربە بێبەری کراون و ئەو ٧کەسە بریتین لە: “کاروان شاهی‌پەروانە، فەریاد هەمزەشوور، فەرزاد مەحموودپوور، شەهرام مەعرووف‌مەولا، ڕەزا ئیسلامدووست و دوو برا بەناوەکانی فەرزاد و فەرهاد تەهازادە” لە دانیشتنی لێپرسینەوەی لقی سێی دادگای ئینقلابی ئیسلامی ڕێژیم لە ورمێ، لە تۆمەتی “محاربە” بێبەری کران.

ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوانە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە محاربە تۆمەتبار کرابوون و لە ماوەی دەسبەسەربوونیاندا بەردەوام لەژیر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییدا بوون و چەندینجار لەژێر ئەشکەنجەی دەروونیی “شانۆی لەسیدارەدان” داندراون و هەروەها ڕۆژی ٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، لە درێژەی شۆڕشی ژینادا لە شنۆ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و دوای لێپرسینەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی و ئەشکەنجەدان ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کران.