سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بەناوی “زانیار فەتاحیان” لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای ساڵێک و ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی سیشەممە، ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، زانیار فەتاحیان، هاووڵاتی خەڵکی بۆکان کە پاییزی ئەمساڵ لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە بەتۆمەتی چالاکی تەبلیغی بەدژی حکوومەت و هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ١٨ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە بۆکان دەسبەسەر کرا و دوای تێپەڕبوونی ماوەی یەک مانگ و ١٠ ڕۆژ، بەدانانی بارمتەی  ١ملیارد تمەنی و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.