بەندکراوێکی سیاسیی کورد پاش ٥ساڵ بەندکردن بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

خۆڕاگری: ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد پاش زیاتر لە ٥ساڵ بەندکردن، بەشیوەی کاتیی کورتماوە ئازاد کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد، پاش ۵ ساڵ و ١٠ مانگ ٢٠ڕۆژ بەندکردن لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بە مەرج و بۆ ماوەیەکی کەم لەبەر دۆخی تەندروستیی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

 ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشتر بەهۆی دەرزییەکی هەڵەوە کێشە بۆ چاوی دروست بووە و بە زووترینکات پێویستی بە نەشتەرگەریی چاو هەیە کە دەبێ لە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی بەندیخانە بۆی بکرێ، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ ڕێگر بوون لە پێدانی مەرەخەسی، داوای دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ١۵ میلیارد تمەنیان لە ناوبراو کرد کە ئەو بڕە پارەیە لە توانای ماڵی ئەو بەندکراوە سیاسییەدا نییە.

شایانی باسە کە، ئەرسەلان خودکام مانگی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لەلایەن لقی ٣٢ی دادسەرای سەربازیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ورمێ بە تۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا کە دواتر بەپشتبەستن بە مادەی ٢٠ی کۆمیسیۆنی لێخۆشبوون، سزاکەی بۆ بەندکردنی هەتاهەتایی گۆڕدرا و ئەو سزایە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی چووە بواری جێبەجێ کردنەوە.