دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بەناوی “سولەیمان حاجی‌خزری” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی هەینی، ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: سولەیمان حاجی‌خزری، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “تاڵاو”ـی ناوچەی شاماتی سەربە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ڕۆژی یەکشەممە، ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری ئەو هاووڵاتییە و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و ماوەی ٥ڕۆژە ناوبراو دەسبەسەر کراوە و تائێستا ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەسەر چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە هیچیان بە بنەماڵەکەی نەگوتووە.

جێی ئاماژەیە کە، سەرەڕای بەدواداچوونی وردی بنەماڵەی حاجی‌خزری بەمەبەسەتی ئاگاداربوون لە دۆخی کوڕەکەیان، پاش پێنج ڕۆژ لە دەسبەسەربوونی تائێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی ئەو بنەماڵەیان نەداوەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی بنەماڵەی حاجی‌خزری.