دەسبەسەرکردنی دوو برای خەڵکی مەریوان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: کەریم قوبادی و ڕەحمان قوبادی، دوو برای خەڵکی مەریوان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەریوان، هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی “دەرەتفێ”ـی سەر بەو شارە و لە ئاکامدا کەریم قوبادی و ڕەحمان قوبادی کە هەردووکیان برا و چالاکی ژینگەپارێزین، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانن.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەیان، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر شوێنی ڕاگیران، بارودۆخ و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانیش لە مەریوان ڕێگەیان پێ نەداون هیچ جۆرە پەیوەندییەک بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن.