خۆڕاگری: لە بەردەوامی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد، شەش هاووڵاتیی دیکەی کورد لە شارە جیاجیاکانی لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی زانیارییەکانی ژووری هەواڵی ئەجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندان، “١٦ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” هاووڵاتییەکی خەڵكی گوندی “ئەوێهەنگ”ـی سەربە شاری سنە بە ناوی تاریق ڕەحیمپوور، لە کاتی کارکردن لە دووکانەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.
لە شاری ئاودانان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕێبەندان، حەسەن مرادیان، هاووڵاتیی خەڵكی ئەو شارە و یەکێک لە بریندارانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و هاوکات لە هەمانڕۆژدا دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری قوروە بە ناوەکانی محەممەد ئەسەدی و میلاد مزەفەری، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی خامنەییەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، هاووڵاتییەک بە ناوی فەخرەدین بابۆڵی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ و هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی “بێهزاد ڕەزایی” خەڵکی شاری گیەڵان لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دەسبەسەر کراون.
جێی ئاماژەیە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.

Be the first to comment