دەسبەسەرکردنی ٨هاووڵاتیی دیکەی کورد لە درێژەی گوشارەکانی ڕێژیم

خۆڕاگری: ، لە شەپۆلێکی توندی دەسبەسەرکردن لە شارەکانی سنە، کامێران و ئیزە، لانیکەم ٨ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “١١ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکاندا لە شارەکانی سنە، کامێران و ئیزە، لە نێوان ڕێکەوتی ١٢ تا ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لانیکەم ٨ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە کامێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی میلاد ئیبراهیمی و دەسبەسەریان کردووە و پێشتریش لە ١٨ی بەفرانباردا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بریندار ببوو و هەروەها ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لە دوو ڕووداوی جیاوازدا، خەلیل ڕەسوڵی و سروش دەبیرمەنش بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کران و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە، جەمال ئەسەدی، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی چل‌چەمەیان دەسبەسەر کردووە و تائێستا چارەنووسی نادیارە و لەماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا سێ هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی شاری “ئیزە” بە ناوەکانی حوسێن باقری، مەسعوود مرادی و مێهدی مرادی لە بەنزینخانەیەکدا بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کران و (مەهدی دوای ماوەیەکی کەم ئازاد کرا) و هەروەها مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵانی خەڵكی شاری سنە بە ناوی “ئەدیب ئەحمەدی‌نژاد” دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*