خۆڕاگری: لە درێژەی سەرکوت و توندوتیژییەکانی ڕێژیم بۆ سەر هاووڵاتییانی کورد، نۆ هاووڵاتیی دیکەی شارە جیاجیاکانی کوردستان دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٩ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، ڕۆژی سێشەممە، ٢ی ڕێبەندان محەممەدحەسەن داودی، مامۆستای خانەنشین و چالاوانی سیاسیی خەڵكی شاری میاندواو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.
هەروەها یەحیا حەیدەریان، هاووڵاتیی خەڵكی شاری سونقور، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و پێشتریش ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ئەمساڵ، سەعید قوبادیان، هاووڵاتیی خەڵكی ئیلام، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسی نادیارە.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی بەفرانبار، عەلی شێخی، وەرزشوان و هاووڵاتیی خەڵکی دێلوڕانـی سەربە پارێزگای ئیلام لەکاتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی ئەو شارەدا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە و هەروەها ڕۆژی هەینی، ١٩ی بەفرانبارپووریا نەورۆزی، هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە تائێستا بێسەروشوێنە.
لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژی سێشەممە، ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ڕەزا پاساپوور، هاووڵاتیی خەڵکی گیەڵانی سەربە کرماشان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و هەروەها ڕۆژی هەینی، ١٩ی بەفرنبار، مەتین خوسرەوی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری پاوە و دانێشتووی تاران لە بەردەوامیی خۆپیشاندانەکاندا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و بێسەروشوێن کراوە و ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕێبەندانیش زارا نەزەری، هاووڵاتیی خەڵكی ئیلام لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەری، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هاوکات لە هەمانڕۆژدا حەسەن خۆشڕوو، هاووڵاتیی خەڵكی ئیلام لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەیان، بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر و بێسەروشوێن کراوە.

Be the first to comment