خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵكی شارەکانی سەلاسیباوەجانی، دێلوڕان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران، گیانیان لەدەستد داوە.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “١٤ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی، ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانبار ڕێبین مورادی، قوتابیی تەمەن ١٧ساڵان و ئەندامی خولی نایابی تۆپیپێی مێرمنداڵانی تاران، خەڵكی سەلاسیباوەجانی و دانیشتووی تاران لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست داوە.
هاوکات لە شاری “زەرینئاوا”ـی سەربە دێلوڕانی پارێزگای ئیلام هاووڵاتییەک بەناوی حوسێن شێرکوڵ، لەکاتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی حەفتەی ڕابردووی شاری ئیسفەهان، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران گیانی لەدەست داوە و هەروەها لە هەمانڕۆژدا (پێنجشەممە) دیکەشەوە کەیوان ڕەزایی، هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینی یارسان و خەڵكی کرماشان لەکاتی ناڕەزایەتییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی گولـلەی جەنگی هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران گیانی لەدەستدا.
