خۆڕاگری: لە شارەکانی جوانڕۆ، سەقز و سنە ژمارەیەکی دیکەی هاووڵاتییان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان ناڕوونە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم پێنج هاووڵاتیی لە شارەکانی جوانڕۆ، سەقز و سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و لەنێو دەسبەسەرکراوەکاندا مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ساڵان هەیە و سەرەڕای تێپەڕبوونی کات، تا ئێستا چارەنووسی زۆربەی ئەو کەسانە بە نادیاری ماوەتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی “٨ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی”، ئاسۆ کەیخوسرەوی، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵانی خەڵکی جوانڕۆ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە دەسبەسەر کرا و هاوکات لەو ڕۆژەدا، سینا ئەحمەدی، لاوی تەمەن ٢٢ ساڵانی خەڵکی هەمان شار، لەلایەن هێزەکانی سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
هاوکات لە شاری سنە، بێهنام فاتێحی، هاووڵاتیی خەڵكی ئەو شارە، لە هەمان ڕۆژدا (پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار) لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە و تائێستا چارەنووسی نادیارە و هەروەها لە لایەکی دیکەشەوە، لە شاری سەقزەوە دوو هاووڵاتیی دیکە بەناوەکانی موبین محەممەدزادە و ئیقباڵ باپیری بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
جێی ئاماژەیە کە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەم پێنج هاووڵاتییە کراون، بڵاو نەکردووەتەوە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.
