دەسبەسەرکردنی دووهاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: محەممەد عەباسی، عوبێد سووری، دووهاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،(خۆڕاگری) ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی(١٨ی دسامبری ٢٠٢٥ی زاینیی)، محەممەد عەباسی خەڵکی گوێکجەلی، عوبێد سووری خەڵکی گوندی شیناوە، سەربە شاری بۆکان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و قەزایی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەو هاووڵاتییانە دوای هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسبەسەرکراون، کە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانە خراوەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە لەبەردەستدا نییە و چارەنووسیان ناڕوونە.