خوێندکارێکی خەڵكی ئیسفەهان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لەسێدارە درا

خۆڕاگری: عەقیل کشاوەزر، خوێندکاری تەمەن ٢٧ساڵانی خەڵکی ئیسفەهان، بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە بەندیخانەی ورمێ لەسێدارە دراوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٠ی دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی” عەقیل کشاوەرز، خوێندکاری تەمەن ٢٧ساڵان و بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری ئیسفەهان، کە پێشتر لەلایەن داگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ورمێ بە ئەمری دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی سزاکەی جێبەجێ کرا و هێشتا تەرمەکەشی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.

ناوبراو کۆتاجار ڕۆژی هەینی ٢٨ی سەرماوەزی لەگەڵ بنەماڵەکەی دوادیداری کرد و ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی ڕابردوو بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکەی گوازرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و مەلابانگدانی ئەمڕۆ لەسێدارە درا.

عەقیل کشاوەرز، خوێندکاری بەشی تەلارسازیی زانکۆی شاهروود بوو کە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ سەفەری کرد بۆ شاری ورمێ و لەوێ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لەژێر ئەشکەنجە و ئازار لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لەگەڵ کرا و لە کۆتاییدا هەر بەو تۆمەتە لەسێدارە درا.