بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەن

خۆڕاگری: دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی پەسەندکردنی چەندین ڕاسپاردە و مژاری جیاواز کۆبوونەوەیەکی بەڕێوە برد.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، دەستەی بەڕێوبەریی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی بەڕێوە برد و سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پیرۆزی هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. لە سەرەتای کۆبوونەوەکە بەڕێز سەلاح خزرپوور، بەرپرسی ئەنجومەن وێڕای بەخێرهێنانی هاوڕێیان، داوای لە بەرپرسی بەشەکان کرد لەو ماوەیەدا ڕاپۆرتێک لە کاروچالاکییەکانی خۆیان دوای بەستنی کۆنفڕانسی چواری ئەنجومەن بخەنەڕوو بۆ ئەو مەبەستە هەریەک لە بەرپرسی بەشەکان باسی کاروچالاکییەکانی خۆیان کرد کە بە شێوەیەکی گشتی بە باشی چۆتەپێش.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆبوونەوەکە دا بە سەرنجدان بەوخاڵە ئەساسنامەیانە بۆ هەڵبژاردن و دیاری کردنی دەستەی کارگێری و جێگری ئەنجومەن و بەرپرسی ئەنجومەن لە دەرەوی وڵات پێشنیار و گفتوگۆی  لەسەر کرا و کە دواجار دەستەی کارگێڕی و هەروەها بەڕێز بەختیار نەزەری، وەک جێگری بەرپرسی ئەنجومەن و بەڕێز حەسەن حاتەمی، وەک بەرپرسی ئەنجومەن لە دەرەوەی وڵات بە کۆی دەنگ هەڵبژێردران.

لە بەشێکی دیکەدا بەرپرسی ئەنجومەن بە وردی باسی لە بەند و مادەکانی ئەساسنامە و ڕاپورتی ئەنجومەن بۆ کۆنفڕانسی چوارم کرد و بە گونجاندنی تێبینی و سەرنجی ئەندامانی کۆنفڕانسی چوارەمی ئەنجومەن، دەستەی بەڕێوەبەری بە کۆی دەنگ ئەساسنامە وڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پەسەند کرد.

لە درێژەی کۆبوونەوەکە دا چەندین بابەت و ڕاسپاردە هاتنە بەرباس کە دوای گفتوگۆی تێروتەسەل پەسند کران و هەرکام لە بەشەکانی پێوەندیدار ڕاسپێردران کە بەدواداچوون و کاری جیددی لەسەر بکەن.