ژنە بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی سنەوە گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار

خۆڕاگری: درەخشان ڕەحیمی، ژنە بەندکراوی سیاسیی خەڵكی سنە، پاش زیاتر لە سێ مانگ دەسبەسەربوون، لە بەندیخانەی سنەوە گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، درەخشان ڕەحیمی، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری سنە کە لە کاتی شەڕی ئیسرائیل و ئێراندا دەسبەسەرکرابوو، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنەوە گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و بنەماڵەکەشی هیچ زانیارییەکیان لەبارەیەوە نییە.

ناوبراو ڕۆژی هەینی، ٢٩ی خەرمانی ئەمساڵ، پاش ٣مانگ دەسبەسەربوون لە گرتنگەیەکی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم کە لەژێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەدا بوو، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە و هەروەها لە ئێستادا لە بەندیخانەشەوە بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەی لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدرانەوە گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانییان.