
خۆڕاگری: سامان محەممەدی خیارە، بەندکراوی ئایینیی خەڵكی سنە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە لەسێدارە درا و هاوکات شەش هاووڵاتیی دیکەی خەڵكی ئەهوازیش لە سێدارە دراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سامان محەممەدی خیارە، بەندکراوی ئایینیی خەڵكی شاری سنە لە بەندیخانەی قزڵحەساری شاری کەرەج بەتۆمەتی محاربە لە سێدارە درا و هاوکات شەش هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەهواز بەناوەکانی عەدنان غەبیشاوی، سالم مووسەوی، عەلی موجەدەم، محەممەدڕەزا موقەدەم، حەبیب دەریس و موعین خەنفەرییش بەتۆمەتی لایەنگری لە ئیسرائیل لەسێدارە دراون.
سامان محەممەدی خیارە، چالاکوانی ئایینیی خەڵكی مەهاباد بەتۆمەتی محاربە لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە و هەروەها لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانی زۆرەملێی لێوەرگیراوە و تۆمەتەکەی بەسەردا سەپێندراوە و لەکۆتاییدا سزای سێدارەکەی لە بەندیخانەی قزڵحەساری شاری کەرەج لەسێدارە دراو و هەروەها هاوکات عەدنان غەبیشاوی، سالم مووسەوی، عەلی موجەدەم، محەممەدڕەزا موقەدەم، حەبیب دەریس و موعین خەنفەری، شەش هاووڵاتیی خەڵکی ئەهواز بەتۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل لە سێدارە دران.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێرای مەحکوومکردنی سەپاندنی سزای سێدارە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە لە هەمبەر کردەوە نامرۆڤانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڵوێستی جیددیان هەبێ و ئیدانەی بکەن.