
خۆڕاگری: مێهراب کوشا، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی ئیلام، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، مێهراب کوشی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی شاری ئیلام لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و دەست بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیشیدا گیراوە.
ناوبراو سەرەڕای تێپەڕبوونی ٦ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا لەلایەن ڕێژیمەوە کە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بووە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێائاکام ماوەتەوە.