ژنە بەندکراوێکی سیاسیی کورد پاش تەواوبوونی ماوەی بەندکردنەکەی ئازاد کرا

خۆڕاگری: بەفرین مەعرووفی، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی بۆکان، پاش تێپەڕکردنی ماوەی ٣مانگ و نیو بەندکردن، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، بەفرین مەعرووفی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری بۆکان، کە سزای ٣مانگ و ١٤ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوون، بە کۆتاییهاتن بە ماوەی بەندکردنەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ورمێ ئازاد کرا.

ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران لە بۆکان، بەتۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەی نیزامی ڕێژیم، سزای ٤مانگ و ٧ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو ژە بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشتر کە دەسبەسەر کرابوو و هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، ٤ی جۆزەردانی ئەمساڵ بە مبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکردنەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرا.