شاهین وەساف لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

بە پێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(خۆڕاگری) ڕایگەیاند کە یەکێک لە دەسبەسەر کراوانی بزووتنەوەی ژن،ژین،ئازادی، بە ناوی “شاهین وەساف” لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی جاسووسی بۆ ئیسرائیل بە ١٠ ساڵ بەندکردن سزا درا.

ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ شاهین وەساف، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ورمێ دەسبەسەر کرا و پاشان گوازرایەوە بۆ ئەو ناوەندە سەرکوتکەرە و لەوێ لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

جێی ئاماژەیە کە شاهین وەساف، ماوەی چەند مانگێک لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیراوە و تاوانبار کراوە کە سیخوری بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل کردووە و پاش لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە گواستوویانەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری ورمێ .