خۆڕاگری: شاندێکی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە سەرپەرەستی سەلاح خزرپوور، سەردانی کۆمکاری زیندانییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیان کرد

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پپنجشەممە، ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، شاندێکی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە سەرپەرەستی بەڕێز سەلاح خزرپوور، بەرپرسی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و عەبدووڵڵا دۆستاڵی و سۆران مەحموودی ئەندامانی ئەنجومەن، سەردانی کۆمکاری زیندانییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان (لقی سلێمانی،هەڵەبجەیان) کرد و لەلایەن بەڕێزان، شیخ بەهادین و عیماد سەعید بەرپرس و کارگێڕانی کۆمکار پێشوازییان لێکرا.

لەو دیدارەدا باس لە دۆخی زیندانییە سیاسییەکانی کورد کرا و جەختیان لەسەر هاوکاری و پێکەوە کارکردن کردەوە کە بەشێوەیەکی جیددی کار لەسەر پاراستنی ماف و گەیاندنی دەنگی بەندکراوانی سیاسیی کورد بکەن و لەکۆتاییدا بەرپرسی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان، دوو کتێب بەناوەکانی “زیندانبەزێنەکان و دیرۆکی خۆڕاگری” پێشکەش بە کۆمکاری زیندانییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە لەو کتێبانەدا باس لە ژیان و بەسەرهاتی کۆمەڵێک بەندکراوی سیاسیی کراوە.لە لایەن کۆمکاریش دوو کتێب لە ئەلبۆمی زیندانیانی سیاسی پێشکێش بە ئەنجومەن کران.