دەسبەسەرکردنی دوو برای خەڵكی شنۆ لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دوو برای خەڵكی شنۆ بەناوەکانی “ئیدریس و کامران ڕەسووڵی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئیدریس ڕەسووڵی و کامران ڕەسووڵی، دوو برای خەڵكی گوندی “خاڵتاوێ”ـی سەربە شاری شنۆ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئەو دوو برایە و دەسبەسەریان کردوون و گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.