دەربازبوونی لاوێکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەڵماس لەدەستی چەکدارانی ڕێژیم

خۆڕاگری: لاوێکی دەسبەسەرکراوی خەڵكی سەڵماس بەناوی “ئێحسان حاجی عەلیزادە” لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەکدارانی ڕێژیم لەکاتی بردنی بۆ دادگا، بە سەرکەوتووی دەرباز بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئێحسان حاجی عەلیزادە، لاوی تەمەن ٢٢ساڵانی خەڵكی شاری سەڵماس، کە ماوەی چەند ڕۆژێک لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو لەکاتی گواستنەوەی بۆ دادگاییکردن، لە بەردەم دادگای ڕێژیم لەلایەن چەند لاوێکی دیکەوە ڕووبەڕووی چەکدارانی ڕێژیم بوونەوە و توانیان بە سەرکەوتووانە ناوبراو ڕزگار بکەن و هێزە سەرکوتکەرەکان ڕاستەوخۆ دەستیان بە تەقەکردن کرد.

لاوە شۆڕشگێڕەکانی سەڵماس توانیان بە پلانێکی پێشتر بۆ داڕێژراو هاوڕێکەیان ڕزگار بکەن بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی دادگا نادادپەروەرەکانی ڕێژیم و سزای قورسی بەسەردا بسەپێنن و هەروەها لەئاکامی تەقەکردنی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ئێحسان حاجی عەلیزادە، بەسووکی بریندار بوو بەڵام بە سەرکەوتووی لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا سەرکەوتوو بوون و نەکەوتنە دەستی چەکدارانی ڕێژیم.