دەسبەسەرکردنی چوار هاووڵاتیی خەڵكی سەقز لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: چوار هاووڵاتیی خەڵكی سەقز بەناوەکانی ” هیوا ئەحمەدی، محەممەد زەبیحی، سۆران سوڵتانی و ڕەحیم قودرەتی” لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، چەکدارانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، هەڵیانکوتاوەتە سەر هیوا ئەحمەدی، محەممەد زەبیحی، سۆران سولتانی و ڕەحیم قودرەتی، چوار هاووڵاتیی خەڵكی شاری سەقز و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردوون و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار.

چەکدارانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران بەشێوەیەکی دڕەندانە بەسەر دیواری حەوشەی ماڵی ئەو هاوڵاتییانەدا سەرکەوتوون و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی و دروستکردنی دۆخێکی ترسێنەر دەسبەسەریان کردوون و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ بەدوداچوونی بنەماڵەکەشیان بێائاکام ماوەتەوە.