هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: جەلال محەممەدکەریمی، هاوڵاتیی خەڵکی بۆکان و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە، سزای ۱۰ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی شەممە، ۲۷ی بانەمەڕی ۱٤۰٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زینداییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: جەلال محەممەدکەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن لقی ۱۰۱ی دادگای تاوانەکانی ۲ی ڕێژیم لەو شارە بەتۆمەتی هەڵگرتنی چەک، سزای ۱۰ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبراو، ڕۆژی یەکشەممە، ۲٥ی سەرماوەزی ۱٤۰۱ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە بۆکان دەسبەسەر کرا و پاش ماوەیەک ڕاگیران بەشێوەی کاتیی و بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو و هەروەها لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی ڕێژیم لەو شارە بانگ کراوە سزاکەی پێ ڕاگەیەندراوە.