
خۆڕاگری: کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی دێلوڕان پاش سالێک و ٢مانگ بەندکردن، لە بەندیخانەی دەڕەشار ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی “دێلوڕان” کە پێشتر سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، پاش تێپەڕاندنی ١ساڵ و ٢مانگ بەندکردن لە بەندیخانەی ناوندی شاری “دەڕەشار”ـی سەربە پارێزاگای ئیلام ئازاد کرا.
ناوبراو پێشتر بە تۆمەتگەلی وەکوو؛ پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت، بێڕێزیکردن بە ئەفسەرەی جێبەجێکردنی یاسا و بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست ڕووبەڕوو ببووەوە و لەپەروەندە نوێکەشیدا ئەو سزایانەی بۆ جێبەجێ کرا و ماوەی یەکساڵ و ٢مانگی لە بەندیخانە تێپەڕ کرد.
جێی ئاماژەیە کە، ئەو بەندکراوە سیاسییە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٥خاکەلێوی ساڵی ڕابردوو، دوای ئەوەی لەلایەن لقی بەڕێوەبردنی سزاکانی ڕێژیم لە دەڕەشار بانگ کرا و بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢ساڵ بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانەی ئیلام کرا و دواتر گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی دەڕەشار.