چوار هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ بەشێوەی کاتیی ئازاد کران

خۆڕاگری: ڕەحمان تابش، کورش عەزیزی، هێدی شادیخا و ئەمیر جانگوڵی، چوار هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شنۆ بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ڕەحمان تابش، کورش عەزیزی، هێدی شادیخا و ئەمیر جانگوڵی، چوار هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شنۆ، پاش نزیکەی یەکمانگ دەسبەسەربوون بەدانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە ئازاد کراون.

ئەو هاووڵاتییانە کە دەسبەسەر کرابوون، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە ورمێ کرابوون و لەمافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەش کرابوون و پاش لێكۆڵینەوە گەڕێنداربوونەوە بۆ بەندیخانەی شنۆ و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.