![image-29](https://xoragri.com/wp-content/uploads/2025/02/image-29-678x381.png)
خۆڕاگری: ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای قوتابخانەی خەڵکی ئاودانان کە پێشتر لەلایەن ڕێژیمەوە سزای کۆچکردنی ناچاریی بەسەردا سەپێندرابوون، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی سیستان و بەلووچستان کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای قوتابخانە و چالاکی مەدەنیی ناسراوی خەڵکی شاری ئاودانان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢ساڵ دوورخستنەوە لە زێدی خۆیەوە بۆ شاری “فنوج”ـی سەربە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، بە ناچاری ڕەوانەی ئەو پارێزگایە کرا و دەبێ بۆ ماوەی ٢ساڵ لەوێ نیشتەجێ بێت.
ئەو مامۆستایە دوای ئەوەیکە کە گەیشتووەتە شاری فنوج، خۆی بە دادگای گشتی و ئینقلابی ئیسلامی ڕێژیمی ئێران ناساندووە کە پێشتر لەژێر چاوەدێری پێبەندی ئەلیکترۆنیکیدا بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی دەڕەشار ئازاد کرابوو و هەروەها ناوبراو ڕۆژی شەممە، ٢٧ی ڕێبەندانی ئەم مانگە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە ئیلام بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیمی ئێران، سزای ٢ساڵ دوورخستنەوەی لە زێدی خۆی بۆ سیستان و بەلووچستان بەسەردا سەپێندرا و هاوکات بەشێوەی فەرمی پێی ڕاگەیاندرا.
شایانی باسە کە مامۆستا ئەحمەد عەلیزادە، پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتۆمەتگەلی جیاواز سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها پێشووتریش دەسبەسەر کراوە، بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ناوبراو تکایە سەردانی ماڵپەڕی “خۆڕاگری” بکەن.