هاووڵاتییەکی خەڵكی بۆکان بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: شێركۆ تابناک، بەندكراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی بۆكان بە مەبەستی جێبەجێكردنی سزای ٤مانگ بەندكردن ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، شێركۆ تابناک، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی شاری بۆكان دوای ئەوەی لەلایەن ناوەندی جێبەجێکردنی سزاکانی ڕێژیمی ئێران لەو شارە بانگ کراوە، هەرلەوێ بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٤مانگ بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی بۆکان کراوە.

ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیمی ئێرانەوە لە بۆکان بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت و هەڵگرتنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەنێو ماشێنەکەیدا، سزای ٤مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو و هەروەها لە کۆتاڕۆژەکانی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاش ماوەیەک بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.