دەسبەسەرکردنی برای شەهیدێکی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

خۆڕاگری: جەواد سەواری، هاووڵاتیی خەڵكی دیواندەرە و برای یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، جەواد سەواری هاووڵاتیی خەڵكی شاری دیواندەرە و برای فواد سەواری، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە.

ناوبراو پێشتر لەلایەن بەکرێگیراو و دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانە لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفوونییەوە هەڕەشەی لێکرابوو کە دەبێ خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعات بناسێنێ و هەروەها لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا لەلایەن ئیتلاعاتەوە بانگ کرا و بەهەڕەشە و تۆقاندنی پێیان ڕاگەیاند کە نابێ ڕێوەڕەسم بۆ ساڵیادی شەهیدبوونی براکەی بەڕێوە ببەن.

جێی ئاماژەیە کە، ناوبراو لە پاش دەسبەسەرکردنییەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.