هاووڵاتییەکی خەڵكی نەغەدە بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: یوسف کەرامەت، هاووڵاتیی خەڵكی نەغەدە بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٦مانگ بەندکردن، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، یوسف کەرامەت، هاووڵاتیی خەڵكی شاری نەغەدە، دوای ئەوەی لەلایەن ناوەندی جێبەجێکردنی سزاکانی ڕێژیم لەو شارە بانگ کراوە هەرلەوێ دەسبەسەر کراوە و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٦ مانگ سزای بەندکردن، گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە.

ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە نەغەدە، بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت، سزای ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاش ماوەیەک ڕاگیران بەدانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.