بەندکراوێکی سیاسیی کورد بەشێوەی مەرجدار ئازاد کرا

خۆڕاگری: حەسەن بەهاری، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی سەقز بەشێوەی مەرجدار و بە پێبەندی ئەلیکترۆنیکی بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حەسەن بەهاری بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری سەقز، کە ماوەی ٥ساڵە لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز سزاکەی تێپەڕ دەکات، بەهۆی ناجێگیربوونی تەندروستییەوە ماوەی سزاکەی دیکەی لە ماڵەوە بە پێبەندی ئەلیکترۆنیکی تێپەڕ دەکات.

ناوبراو لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە بە دانانی بارمتەی قورس، بەشێوەی مەرجدار و بە پێبەندی ئەلیترۆنیکی ئازاد کراوە و لە ماڵی خۆیدا لەژێر چاوەدێری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم سزاکەی تێپەڕدەکات و هەروەها دۆخی تەندروستیشی ناجێگیرە کە ئەوە هۆکاری سەرەکی ئازادبوونی ناوبراو بووە.

شایانی باسە کە حەسەن بەهاری، لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوییەوە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە سەقز، بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ١٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤٠مانگ بەندکردن دواتر هەوڵای بەندکرنی ناوبراو بە میدیایی کرا و ئەویش لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ڕێگری کراوە و هەڕەشە لە بنەماڵەکەی کراوە کە نابێ ئەو هەواڵە بە میدیایی بکرێت.