خۆڕاگری: نەریمان ڕەندانی و میلاد ڕەندانی، دوو چالاکی مەدەنیی خەڵكی سەقز لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، میلاد ڕەندانی و نەریمان ڕەندانی، دوو برای خەڵكی شاری سەقز و چالاکوانی مەدەنی و میدیایی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنی کاسبکاران و بازاڕیانی کوردستان دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری ئەو دوو برایە و وێڕای دەسبەسەرکردنیان دەستیان بەسەر کۆمەڵێ کەلوپەلی تاکەکەسییاندا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.