ئاشکرابوونی ناسنامەی پێنج هاووڵاتیی دیکەی کورد کە بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران گیانیان لەدەست داوە

خۆڕاگری: خۆڕاگری: ناسنامەی پێنج هاووڵاتیی دیکەی خەڵكی شارەکانی کوردستان کە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لە دەست داوە، ئاشکرا بوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “١٥ی جانیوەری ٢٠٢٦ی میلادی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕاگەیاند: ناسنامەی پێنج هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شارەکانی داڵاهۆ، سەرپێڵ‌زەهاو، ئیلام و گێڵان‌غەرب، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و گیانیان لەدەست داوە، ئاشکرا کرا بووە و ناوەکان بریتین لە: سەید میلاد ڕەحیمی، خەڵكی داڵاهۆ، محەممەد سەیدی خەڵکی سەرپێڵ‌زەهاو، پوویا ڕۆستەمی خەڵكی ئیلام، عەلی عەباسی خەڵكی گێڵان‌غەرب و ئەردەشێر زارعی خەڵكی داڵاهۆ.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، سەید میلاد ڕەحیمی، خەڵکی گوندی “زەردە”ـی سەر بە کرندئاوایە لە ناوچەی داڵاهۆ و ناوبراو لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری کەرەج، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران گیانی لەدەستد داوە و هەروەها هەروەها ناسنامەی لاوێکی دیکە بە ناوی “محەممەد سەیدی” ئاشکرا بووە، کە خەڵکی شاری سەرپێڵ‌زەهاو و دانیشتووی کەرەج بووە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی گولـلەی جەنگی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە گیانی لەدەست داوە و محەممەد تاکە کوڕی بنەماڵەکەی بووە کە بە مەبەستی کارکردن و بژێوی ژیان لەگەڵ سێ خوشکی خۆیدا لە شاری کەرەج ژیاون.

لەلایەکی دیکەوە، پوویا ڕۆستەمی، خەڵکی گوندی “کوڵم”ـی سەر بە پارێزگای ئیلام لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا لەو شارە کراوەتە ئامانجی تەقەی هێزەکانی ڕێژیم و هەرچەندە تاکوو ئێستا ڕێکەوتی وردی گیانلەدەستدانی بە فەرمی ڕوون نەبووەتەوە، بەڵام بەڵگەکان دەریدەخەن کە ناوبراو ئەگەری هەیە لە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری  گیانی لەدەست دابێت.

هەروەها زانیارییەکان ئاماژە بە کوژرانی مێردمنداڵێکی تەمەن ١٨ ساڵانیش دەکەن بە ناوی “عەلی عەباسی”، کە خەڵکی گێڵان‌غەربـە و ناوبراو لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە شاری تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لە دەست داوە و بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی ناچار بە پێدانی بڕی ٧٠٠ ملیۆن تمەن بوون و دواتر تەرمەکەی لە زێدەکەی خۆی بە خاک سپێردراوە.

دواین کەس کە ناسنامەکەی ڕاگەیەندراوە، “ئەردەشێر زارعی”یە، کە ئەویش کوردی یارسان و خەڵکی داڵاهۆ و دانیشتووی شاری ساوە بووە، ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتێکدا کە بەدەست نەخۆشیی دڵەوە دەیناڵاند، دوای سەردانی پزیشک و چوونی بۆ دەرمانخانە بە مەبەستی کڕینی دەرمان، لە پەنای دەرمانخانە و لەسەر شەقام، لە دواوە کرایە ئامانجی گولـلەی جەنگی و تیرخەڵاس، کە بەو هۆیەوە دەسبەجێ گیانی لەدەست دا.