دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵكی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵكی سنە بەناوی “کەماڵ ئاخرەتی” لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، دوای کۆتایی هاتنی مانگرتنی گشتیی کوردستان، کەمال ئاخرەتی، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵكی شاری سنە لەلایەن هێزە بەکرێگیراوەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە بەجلی مەدەنییەوە هەڵیانکوتاوە سەر شوێنی کارەکەی و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراوە و ڕفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کە بەجلی مەدەنییەوە ناوبراویان دەسبەسەر کردووە هاوکات بە چەکەوە هەڕەشەیان لە خەڵكی ناو بازاڕەکە کردووە و هەروەها تائێستا لە ماوە ٢٤کاتژمێری ڕابردوودا هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم لە سنە، نزیکەی ١٠هاووڵاتییان دەسبەسەر کردووە.