خۆڕاگری: ناسنامەی چاردە هاووڵاتیی دیکەی کورد ئاشکرا کرا کە لە کاتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ڕێژیم گیانیان لە دەست داوە.
ڕۆژی شەممە، ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٣١ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەگەڵ بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لەسەر قوربانیانی خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، ناسنامەی ١٤ هاووڵاتیی تر کە بە تەقەی ڕاستەوخۆ یان ئەشکەنجەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران گیانیان لە دەست داوە، پشتڕاست کرایەوە.
ڕۆژی هەینی، ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، سەنا تووسەنگی مێرمنداڵی تەمەن ١٢ساڵانی خەڵکی کرماشان و نیشتەجێی شاری هەشتگردی ئەسفەهان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی کڵاشینکۆفی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە پشت و ملی دراوە و دەسبەجێ شەهید بووە و هەروەها نازەنینزەهرا ئەسمیخانی، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ١٨ساڵانی دانیشتووی قەزوین، وێنەگر و گیتارژەن، بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست داوە.
هاوکات محەمەد حەسەن خەزایی، تەمەن ١٨ساڵانی خەڵکی شاری کەنگاوەر، لە ناوچەی فەردیسی کەرەج بە فیشەکی جەنگی بەسەختی بریندار کراوە و دواتر بەهۆی خوێنبەربوونی زۆرەوە گیانی لە دەست داوە و هەروەها لە شاری مەشەهد؛ دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەمیرحوسێن شێخبوو و محەمەدئەمین حوسێنی، هەردووکیان خەڵکی ناوچەی “لایین”ـی پارێزگای خۆراسان، لە ١٨ و ١٩ی بەفرانبار بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ڕێژیم گیانیان لە دەست داوە.
لە تاران و دەوروبەری؛ حەمیدڕەزا باقری لە ئیسلامشەهر، عەلیڕەزا پەنایی لە قەرچەک و فەرامەرز گوڵستانی لە ناوەندی تاران بە فیشەکی جەنگی شەهید کراون و هەروەها عەلی ئیمانی تەمەن ٦٥ ساڵان لە شارۆچکەی ئەندیشە بەهۆی خوێنبەربوونی زۆری فیشەکەوە گیانی لە دەست داوە.
ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی، ١٨و و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، لە شارەکانی کرماشان و ئیلامیش، ئاماری قوربانییان بەم شێوەیەیە: موحسین ڕەزایی و فەرهاد نەزەری گواراجوویی، دوو هاووڵاتیی خەڵكی کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی خامنەیی شەهید کراون و لە شابادیش شێرزاد باڵایی، بە تەقەی ڕاستەوخۆ کە لە “سەری” دراوە، ڕاستەوخۆ گیانی لە دەست داوە.
ئیلام: مەهدی قەنبەری، هاووڵاتیی خەڵکی مەلەکشایی بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە کە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە ڕاستەوخۆ تەقەی لێکراوە، گیانی سپاردووە و هەروەها کەنگاوەریش؛ ئەبولقاسم بابایی، لە ناوچەی شەهریاری تاران بەهۆی لێدانی باتۆم و فیشەکی ساچمەییەوە گیانی لەدەست داوە.
ئەم ئامارانە لە کاتێکدایە کە دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەوڵی شاردنەوەی ڕەهەندەکانی ئەم سەرکوتە دەدەن و فشار دەخەنە سەر بنەماڵەی قوربانییان بۆ ئەوەی بێدەنگ بن و بەردەوامی بە کوشتار و گوشارە ئەمنییەکان بدەن کە پێویستە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لەئاست پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن.

Be the first to comment