دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵكی سنە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئایدا عەمووی، ژنە چالاکوانێکی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئایدا عەمووی، ژنە چالاکوانێکی بواری ژنان و هاووڵاتیی خەڵكی شاری سنە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەبێ هیچ بەڵگەیەک هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری ئەو چالاکوانە و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و پێشتریش لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفوونییەوە چەندجارێک لەلایەن ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی لێکراوە و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.