خۆڕاگری: ئیدریس حاجیڕەسووڵپوور، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و برای شەهیدێکی شۆڕشی ژینا، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی، دەسبەسەر و گوازرایەوە بۆ بەندیخانە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئیدریس حاجیڕەسووڵپوور، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “ئاڵیکەند”ـی سەربە شاری بۆکان و برای محەممەد حاجیڕەسووڵپوور، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، بەمەبستی تێپەڕاندنی سزای ٣ مانگ بەندکردن، لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی بۆکان.
ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی کۆماری ئیسلامی لە بۆکان، بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ٣مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و ڕۆژی ٢٠ی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە کە هەڵیانکوتایە سەرماڵەکەیان، دەسبەسەر کرا و هەروەها زانیاریی تەواو لەسەر ناوبراو، لە ماڵپەڕی (خۆڕاگری) بەردەستە.