خۆڕاگری: جەماڵ عەلیزادە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی پیرانشار و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا دوای تەواوبوونی نزیکەی ٢ساڵ بەندکردن ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ‘خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، جەماڵ عەلیزادە، چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی پیرانشار و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، دوای تێپەڕکردنی سزای ٢٣ مانگ بەندکردن کە بەسەریدا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە و نیوەی ئەو سزایە لە دەرەوەی بەندیخانە لە ژێر چاودێری پێبەندی ئەلیکترۆنیکی بوو، ئازاد کرا.
ناوبراو مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە مەهاباد بە سەرۆکایەتی قازی “ئوجاقلوو” بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ میدیاکانی دژی حکوومەت، سزای ٣٠ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەو سزایە لە دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیمدا بۆ ٢٣ مانگ بەندکردن کەم کرایەوە و لە کۆتاییدا ڕۆژی سێشەممە ٧ی خەرمانانی هەمنساڵ، دوای بانگکردنی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ڕێژیم لە پیرانشار، دەسبەسەر و بەمەبستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گوازرابوویەوە.
جێی ئاماژەیە کە، جەماڵ عەلیزادە، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە کاتی شۆڕشی سەرانسەریی “ژن ژیان ئازادی” لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە لە پیرانشار دەسبەسەر کرابوو و دواتر ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی هەمانساڵ پاش ٤ مانگ ڕاگیران، بە دانانی بارمتەی ٣ ملیاردتمەنی بەشێوەی کاتیی و تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرابوو.