چالاکێکی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی خەڵكی ئیلام لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: سیروان پەرویزی، چالاکی کۆمێدی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی خەڵكی ئیلام لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، سیروان پەرویزی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری ئیلام و چالاکی ناسراوی کۆمێدی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بەهۆی ئەوەیکە لە چالاکییەکیدا ڕەخنەی لە دۆخی ئابووری داڕماوی ڕێژیم گرت، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەڵیانکوتایە سەرماڵەکەی و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەریان کرد.

هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ناوبراو و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و لەگەڵ خۆیان ڕفاندوویانە و هەروەها بنەماڵەکەی بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاریی لەسەر کوڕەکەیان سەردانی ئەو ناوەندە سەرکوتکەرەی ڕێژیم کردووە بەڵام ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران هیچ وڵامێکی نەداونەتەوە و هەوڵەکانیان بێئاکام ماوەتەوە و تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.