بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی نەغەدە مانی لە خواردن گرت

خۆراگری: باپیر بەرزە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پیرانشار لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە بەهۆی وڵامنەدانەوە بە داواکارییەکانی مانی لە خواردن گرتووە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: باپیر بەرزە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی گوندی “چیانە”ـی سەربە شاری پیرانشار کە سزای ٤ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە، بەهۆی ئەوەیکە لەلایەن پەرپرسانی ئەو بەندیخانەوە وڵامی داواکارییەکانی نەدراوەتەوە مانی لە خواردن گرتووە و بەو هۆیەوە دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.

باپیر بەرزە، پێشتر بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای ٤ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا هەروەها ڕۆژی سێشەممە، ١ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا لە پیرانشار دەسبەسەر کراو و ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.