دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا جارێکی دیکە لەلایەن ڕێژیمەوە سزای بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: کاروان شاهی‌پەروانە، یەکێک دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا و خەڵکی شنۆ، جارێکی دیکە لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای “محاربە”ـی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، کاروان شاهی‌پەروانە، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٢٥ ساڵانی خەڵكی شنۆ و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لە ورمێ کە ٣قازی بە ناوەکانی “نەجەفزادە، شاهینی و غوڵامی” بەبێ ئامادەبوونی خۆی دادگایی کراوە و تۆمەتی “محارەبە”ـی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو پێشتر لەو تۆمەتە بێبەری کرابوو، بەڵام بە گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە هەمان بەبێ ئامادەبوونی خۆی لە دادگا هەمان تۆمەتی بەسەردا سەپێندراوە و  هەروەها  ئەو بەندکراوە سیاسییە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، دوای ١٨ مانگ دەسبەسەربوون بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ مافی مەرەخەسی پێدرابوو.

جێی ئاماژەیە کە،  کاروان شاهی‌پەروانە، ڕۆژی دووشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە بەردەوامیی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە شنۆ دەسبەسەر کرابوو و لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا بەردەوام لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە.