سێ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار بەدانانی بارمتە ئازاد کران

خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار بەناوەکانی شوانە، ئەحەد و ئومید خزرنژاد بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی نەگەدە ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، شوانە خزرنژاد، ئەحەد خزرنژاد و ئومید خزرنژاد، سێ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی گوندی “گردەبن”ـی سەربە شاری پیرانشار بە دانانی بارمتەی قورس هەرکامیان بەبڕی ٢ملیاردتمەن و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەدنی نەغەدە ئازاد کران.

ئەو سێ هاووڵاتییانە زستانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێز و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و پاش لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی شاری نەغەدە و هەروەها تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان لە بەردەستدا نییە.